
دیاره حه‌وجێ به گوتن نییه که لێزانان و شاره‌زایانی بواری مۆسیقا و
گۆرانی، ده‌بێ سه‌باره‌ت به محه‌مه‌دی ماملێ بدوێن و قسه بکه‌ن، نه‌ک
منێکی له‌و باره‌دا کڵۆڵ و هڵۆڵ، به‌ڵام چار نییه و هه‌رچۆنییه‌ک بێ، له
سه‌ر داوای هونه‌رمه‌ندی ده‌ستڕه‌نگین و به‌هره‌مه‌ندی مۆسیقا کاک چیا (بۆ
ماڵپه‌ڕه خنجیلانه‌که‌ی) چه‌ند گوته‌یه‌ک پێشکێش به لایه‌نگرانی ده‌نگی
به سۆزی مامۆستای قه‌تار ماملێ ی نه‌مر ده‌که‌م.
(وه‌رزی
زستانه، زه‌وی وه‌ک ئاشقێکی چاو له‌ڕێماوی گراوی له جێ‌ژوان تۆراو، له ژێر
گومبه‌زی ئاسمانی به په‌رده‌ی سپی داپۆشراو، مات و سه‌رسوڕماو، سه‌ری
ده‌به‌ر خۆیه‌وه ناوه و ده‌ناڵێنێ.
سه‌هۆڵبه‌ندانه، خۆر وه‌ک
شۆخێکی دڵشکاوی له یاردابڕاو، جارجار به ناز و نیونازێکه‌وه له سووچێکی
ئاسمان، به نیگایه‌کی سیحراوی له زه‌وی ڕاده‌مێنێ.
وه‌رزی زستانه،
له حاڵێکدا ئاسمان، چاو به گریان، کڵوکڵو فرمێسکی خه‌م و په‌ژاره به سه‌ر
مه‌ڵبه‌ندی موکریان داده‌بارێنێ، گومبه‌زان مه‌کۆی خۆشه‌ویست و حه‌زان،
ئارا و قه‌راری نامێنێ، گۆیا ڕاسپارده‌ی ئاشقان هه‌واڵی هاتنی میوانێکی
ئازیز ـ ماملێ ـ ی پێ ڕاده‌گه‌یێنێ..
وه‌رزی زستانه، هه‌رچی مه‌ل
و بولبولی باخ و گوڵزارن، له هێلانه‌ی کپی مه‌لاومه‌ل له ته‌نیایی،
چاوه‌ڕوانی دیمانه‌ی گوڵ و هاتنی به‌هارن… ).1
محه‌مه‌دی
ماملێ، کوڕی میرزا سه‌عیدی ماملێ(مام عه‌لی) له ساڵی 1304ی
هه‌تاوی(1925ز) له بنه‌ماڵه‌یه‌کی کاسبکار و هونه‌رمه‌ند و
نیشتمانپه‌روه‌ر، له گه‌ڕه‌کی هه‌رمه‌نییانی مهاباد له دایک بوو. میرزا
سه‌عید هه‌رچه‌ند نه‌خوێنده‌وار بووه، به‌ڵام به هۆی هونه‌ری ده‌نگخۆشی و
مه‌قامزانی و شێعرخوێنی(به‌تایبه‌ت وه‌فایی) له کۆڕ و کۆزیلکه‌ی عارفانه‌ی
خانه‌قای شه‌مزینان، ڕێز و حورمه‌تێکی زۆری لێ گیراوه و، له گه‌ڕه‌ک و
ده‌ر و بازاڕ به میرزا ناوی براوه.
هه‌روه‌ک له زۆر که‌سی
به‌ته‌مه‌نی ناوچه‌ی موکریان بیستراوه، سه‌عیدی ماملێ ده‌گه‌ڵ
هونه‌رمه‌ندی به‌نێوبانگ سه‌یید عه‌لی ئه‌سغه‌ری کوردستانی(1882-1937) که
له ساڵی 1932دا هاتووه‌ته موکریان و له باغی میرزا شه‌ریفی حاجی ڕه‌شید،
بۆ خه‌ڵکی مهاباد گۆرانی گوتووه، به‌شدار بووه. محه‌مه‌د حه‌مه‌باقی
نووسه‌ری کتێبی (سه‌یید عه‌لی ئه‌سغه‌ری کوردستانی) ده‌ڵێ: (حاجی غه‌نی
چایچی بۆمی گێڕایه‌وه که جگه له سه‌عیدی ماملێ، سێ گۆرانیبێژی تری
مهابادی، به ناوی عه‌بدوڵلا ڕه‌ش، که‌وێ جوو و حسه‌ینی قاقی گۆرانی‌یان
له‌گه‌ڵ سه‌ییددا وتووه. سه‌یید له ڕاده‌به‌ده‌ر ڕێزی بۆ ئه‌م
گۆرانیبێژانه داده‌نا؛ به‌تایبه‌تی بۆ سه‌عیدی ماملێ(1877-1941).. له‌م
باره‌یه‌وه محه‌مه‌دی ماملێ، دوای نیوه‌ڕۆی ڕؤژی 20-8-1988ز، له ماڵی
خۆیان بۆمی گێڕایه‌وه که هه‌ر جاره‌ی سه‌عیدی ماملێ به‌ندێکی خۆشی
گۆرانییه‌کی وتووه؛ سه‌یید له جێی خۆی هه‌ڵساوه و ناوده‌می سه‌عیدی ماملێ
ی ماچ کردووه).2
محه‌مه‌دی ماملێ، خۆی له باره‌ی میرزا سه‌عیدی
باوکی‌دا گوتوویه: «بابم نه‌خوێنده‌وار بوو و له نێو بازاڕدا دوکانێکی
چکۆڵه‌ی خوری فرۆشتنی هه‌بوو. ئێمه شه‌ش کوڕ و کچێک بووین.. بابم،
هه‌ربه گشتی تایفه‌ی ئێمه تایفه‌ی گۆرانیبێژانه. بابم زۆربه‌ی ئه‌و
گۆرانییانه‌ی که ئه‌منیش ده‌یانڵێمه‌وه، بۆ خۆی دایناون و ئاهه‌نگی
خستوونه‌سه‌ر. نه‌یتوانیوه سازێک لێ بدا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته سازژه‌نی خۆی
هه‌بووه. ئه‌و له هه‌موو گۆرانییه‌کی زیاتر حه‌زی له گۆرانی ئایینی و
دڵداری بوو.»3
هه‌رچه‌ند بنه‌ماڵه‌ی ماملێ به تێکڕایی هونه‌رمه‌ند و
ده‌نگخۆش و گۆرانیبێژن، به‌ڵام محه‌مه‌دی ماملێ هونه‌رمه‌ندێکی ده‌گمه‌ن و
هه‌ڵکه‌وته بوو که له دوای میرزا سه‌عیدی باوکی و هه‌روه‌ها میرزا
حوسێن(1915-1952)ی برای که ده‌ساڵێک له خۆی گه‌وره‌تر بووه، توانی وه‌ک
به‌رپرس و نوێنه‌ری هونه‌ریی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه، بۆ ماوه‌ی په‌نجا ساڵ،
مه‌قام و گۆرانی کوردی بره‌و و ڕه‌واج پێ‌بدا.
حامیدی کاکیلی یه‌کێک له
نیزیکترین دۆستانی محه‌مه‌دی ماملێ له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: «ناکرێ بڵێین
بنه‌ماڵه‌ی ماملێ له چ کاتێکه‌وه و له کوێ ڕا ده‌ستیان پێکردووه. ئه‌وانه
ژن و پیاویان ده‌نگخۆش بووه وه‌ک ماسی وابوون هه‌ر وه‌ختێکی ده ئاو
هاویشتراون مه‌له‌وان بوون. محه‌مه‌دیش هه‌روه‌تر ناتوانین بڵێین به چ
ئاهه‌نگێک و له کوێ ڕا ده‌ستی پێکردووه. ته‌نانه‌ت به‌شێک له‌و بنه‌ماڵه
که له کوردستانی عێراق نیشته‌جێن ده‌نگیان خۆشه. به گشتی ئه‌و
بنه‌ماڵه‌یه، له مام عه‌لی و مام سه‌عید ڕا بگره هه‌تا میرزا حوسێن و
محه‌مه‌د و ئه‌وانی تر به هۆی ده‌نگه‌که‌یانه‌وه ده‌گه‌ڵ هه‌موو به‌زم و
خۆشیی و مه‌جلیسێکی ئه‌و شاره و ئه‌و ناوچه‌یه تێکه‌ڵاو بوون به‌تایبه‌ت
ئه‌وده‌م که وه‌ک هێستا مه‌حدودییه‌ت نه‌بوو.»4
له‌وانه‌یه که‌سێک یان
که‌سانێک ده‌نگی هونه‌رمه‌ندێکیان به دڵ نه‌بێ، ئه‌وه شتێکی سروشتی یه و،
ماملێش له‌و دیارده‌یه ئاوارته ناکرێ. به‌ڵام زۆر که‌س له سه‌ر ئه‌و
باوه‌ڕه‌ن که ماملێ بێجگه له که‌سایه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و کوردایه‌تی خۆی،
هونه‌رمه‌ندێکی به‌وه‌ج و ڕه‌سه‌ن و خاوه‌ن قوتابخانه‌یه. هه‌ر له
سه‌رده‌می منداڵیمه‌وه له زۆر که‌سی به‌ته‌مه‌نم ده‌بیست که سه‌باره‌ت
به «ماملێ» ده‌یانگوت: (زۆر به جێ و ڕێ گۆرانیان ده‌ڵێ). ڕاسته،
ده‌نگخۆشیی به‌هره‌یه‌کی خودادایی و دایکزایی یه، به‌ڵام با بزانین چ
شتگه‌لێک محه‌مه‌دی ماملێیان به‌و پله‌یه گه‌یاند و نێویان له سه‌ر
چڵه‌پۆپه‌ی هونه‌ری مه‌قام و گۆرانی کوردیی نه‌خشاند.
«ماملێ» هه‌ر له
سه‌رده‌می لاوییه‌وه وه‌ک هونه‌رمه‌ندێکی ئازادیخوازی خاوه‌ن ڕازونیازی
خه‌ڵکنه‌واز، ده‌رکه‌وتووه و به پێی ئه‌رکی کۆمه‌ڵایه‌تی و کوردایه‌تی،
خۆی پێگه‌یاندووه. له‌گه‌ڵ هیچ داروده‌سته و تاقمێکی سه‌ره‌ڕۆ و زۆردار
دانووی نه‌کوڵاوه و، له ئه‌سته‌مترین قۆناخه‌کانی ژیاندا، وه‌ک بولبولێکی
خوشخوێن، سه‌ری له هه‌موو هه‌وار و کوێستانه‌کانی کوردستان داوه و،
مزگێنی شادی و ئازادی بۆ ڕێڕه‌وانی ئه‌وین هێناوه. له ڕۆژانی فه‌رعانه‌دا،
به به‌سته و ئایئایه، به‌زم و ئاهه‌نگی هاوقه‌تارانی ڕازاندۆته‌وه، له
ڕۆژانی ته‌نگانه‌شدا به قه‌تار و لایلایه خه‌ڵکی لاواندۆته‌وه. ماملێ،
بێجگه له کوردایه‌تی، سه‌ربازی هیچ ڕێبازێکی ئیده‌ئۆلۆژی نه‌بوو، ئه‌و
ته‌نیا گیانبازی گه‌له‌که‌ی بوو.
له زۆربه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی که
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له ده‌ست تاقمێکی خۆبه‌خودازانی هیچنه‌زان دایه، زۆر
به ده‌گمه‌ن هه‌ڵده‌که‌وێ که هونه‌رمه‌ند بتوانێ له‌نگه‌ری خۆی له نێوان
ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵکدا ڕابگرێ و به پووڵ و پاره هه‌ڵنه‌فریوێ و هه‌تڵه
نه‌بێ؛ «ماملێ» چ وه‌ک که‌سایه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و چ وه‌ک که‌سایه‌تی
هونه‌ری، هه‌م له ڕێژیمی پاشایه‌تی(ڕه‌زاخان 1925ـ1941 و حه‌مه‌ڕه‌زا
په‌هله‌وی1941ـ1979) دا و هه‌م له ڕێژیمی مه‌لایه‌تی(1979ـ...؟) دا،
توانی به شێوه‌یه‌کی گونجاو، نه ته‌نیا ئه‌و له‌نگه‌ره ڕابگرێ، به‌ڵکه
وه‌ک هونه‌رمه‌ندێکی ئازادیخواز و گه‌لنه‌واز له ساڵی 1347(1968) زیندانیش
بکرێ. به ڕاشکاوی ده‌توانین بڵێین که ماملێ له بارودۆخێکی زۆر تایبه‌تیی
کوردستاندا، وه‌ک سیمبۆلی نواندنی به‌شێک له فه‌رهه‌نگی خۆڕاگری و
سه‌رزیندوویی گه‌لی کورد که له زۆربه‌ی گۆارانییه‌کانیدا ڕه‌نگی
داوه‌ته‌وه، هه‌میشه چقڵێک بووه له چاوی نه‌یاران و دژبه‌رانی
گه‌له‌که‌ی. هه‌ربۆیه‌ش، هه‌ر به‌سته و گۆرانییه‌کی که «ماملێ»ده‌یگوت و
ده‌یخوێند، بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێ چ مه‌به‌ست و ڕه‌مز و ڕازێک له
گۆرانییه‌کانیدا حه‌شاردراوه، له لایه‌ن ساواکی مهاباده‌وه، به وردی
سه‌رنجی ده‌درایه. هه‌ڵبه‌ت «ماملێ» ش ئه‌و که‌سه نه‌بوو که بێ گودار له
ئاو بدا و له خۆڕا بیانوو بداته ده‌ست ساواک، زۆر عاقڵانه و
هونه‌رمه‌ندانه هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌کرد و به شێوه‌یه‌کی زۆر مه‌نتیقی
ته‌قییه‌ی هونه‌ریی به‌کارده‌برد.
«قه‌تار» چییه؟
هه‌روه‌ک
ده‌زانین، «ماملێ» بێژگه له هونه‌رمه‌ندیی و ده‌نگخۆشییه‌که‌ی،
ئاوازبێژ(مه‌قامبێژ) یان به واتا کورده‌واری و موکریانییه‌که‌ی
قه‌تاربێژێکی شاره‌زا و بێ هاوتاش بووه و، ته‌نانه‌ت نێو‌ی «ماملێ» و
«قه‌تار» وه‌ها ئاوێته‌ی یه‌کتر بوون که نواندن و وێناندنی هه‌رکام
له‌وان ده‌ستاوله‌جێ ئه‌ویدیکه ده‌خاته‌وه‌بیر. بۆیه به‌ر له هه‌رشت
پێویسته له‌سه‌ر وشه و زاراوه‌ی «قه‌تار» هه‌ڵوێستێکی فه‌رهه‌نگی و
مۆسیقایی بنوێندرێ، که هه‌م باسه‌که‌ی پێ ده‌وڵه‌مه‌ندتر بکرێ و، هه‌میش
له سۆنگه‌یه‌وه بتوانرێ هونه‌ری به‌رزی ئه‌و مامۆستا مه‌زنه‌ی پێ
ده‌ربخرێ.
لێره‌دا بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی مه‌به‌ست، سه‌ره‌تا هه‌وڵده‌ده‌م
هێندێک بیروبۆچوونی جیاواز و جۆراوجۆر بده‌مه‌ده‌ست و، پاشانیش به
ده‌ربڕینی بیروبۆچوونی خۆم، باسه‌که کۆتایی پێبێنم.
وشه‌ی «قه‌تار»
له فه‌رهه‌نگی (هه‌نبانه‌بۆرینه)دا، به مانای «کۆمه‌ڵی چاره‌وێ بۆ
بارکردن» و هه‌روه‌ها به مانای «هه‌وای گۆرانیه‌ک»5 هاتووه، که له
«فه‌رهه‌نگی خاڵ»یشدا هه‌ر ئه‌م دوو مانایه دراوه‌ته ده‌ست.6 هه‌روه‌ها
له (فه‌رهه‌نگی فارسی)دا، جگه له مانای کاروان(ڕیزبه‌ستنی وڵاخه‌یل به
دوای یه‌کدا) و ڕێگای ئاسن..، واتای «یه‌کێک له ده‌سگاگه‌لی شوور» یشی بۆ
لێکدراوه‌ته‌وه.7
کاک «سمایلی ماملێ» دانه‌ری کتێبی (کاروانی هونه‌ری
ماملێ..) که خۆی یه‌کێک له گۆرانیبێژانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه ده‌ژمێردرێ،
ئاوا ده‌ڵێ: «قه‌تار به‌و شێوه‌یه‌ی که له گوتن و (ادای) بنه‌ماڵه‌ی
ماملێ دا باوه، له ناو جه‌رگه‌ی مزگه‌وت و خانه‌قادا ده‌رهاتووه و له
ڕاستیدا بنه‌مای ئه‌و مۆسیقایه واته قه‌تار ئایینی یه و، هه‌وا و
مێلۆدی یه‌که‌ی غه‌مبار و عارفانه‌یه و، خه‌ڵکێکی زۆری پێ هه‌ژاوه و، پێ
گریاوه».8
نێوبراو دوای ئه‌وه‌یکه قه‌ولێک له نه‌مر
مامۆستا«جه‌میل ڕۆژبه‌یانی» دێنێته‌وه که ده‌ڵێ: «... ڕه‌نگه ناوی
هه‌ندێ له گۆرانی یه‌کانی کوردی زۆر کۆن بن، بۆ وێنه (قه‌تار) ڕه‌نگه
له ووشه‌ی (گاتا)وه گۆڕابێ، وه له کاتی خۆ‌یا هه‌ر گاتای پێ
ووترابێ..»، نه‌زه‌ری پرۆفیسۆر د. «عێزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سووڵ»یشی له‌م
باره‌یه‌وه هێناوه‌ته‌وه که گوتوویه: «زۆر به جێ یه که (قه‌تار)
له گاتای زه‌رده‌شته‌وه یا ئافێستاوه هاتبێ، به‌ڵام دور نی یه که
(قه‌تار) هه‌ر له ووشه‌ی (قه‌تار)ی عه‌ره‌بی یه‌وه هاتبێ، که به مانای
کاروان به کار ئه‌هێنرێ. به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه، ئه‌وه‌یه که زۆر جار له
مه‌قامی قه‌تاردا گۆرانی بێژ ئه‌ڵێ "قه‌تارێ بێنن غه‌مانم بارکه‌ن"، یا
به‌م مه‌قامه‌وه جۆره هۆنراوێک ئه‌وترێ، که مانای راسته‌قینه یا
مه‌جازی گه‌شت و ڕۆیشتن و کاروانی تیابێت».9
کاک «محه‌مه‌د حه‌مه
باقی» له کتێبی (سه‌یید عه‌لی ئه‌سغه‌ری کوردستانی)دا که لێکۆڵینه‌وه و
زه‌حمه‌تێکی شیاوی سه‌رنجی ئه‌نجام داوه، ئاماژه به قه‌تاری سنه ده‌کا
و ده‌ڵێ: «شاره‌زایانی ده‌سگاگه‌لی مۆسیقای ئێرانی، پێیان وایه مه‌قامی
ئیسفه‌هان به‌شێکه له ده‌سگای شوور و هه‌ندێکی تریش ده‌ڵێن به‌شێکه له
ده‌سگای هومایون. مه‌قامی به‌ناوبانگی کورده‌واری: قه‌تار سه‌ر به‌م
مه‌قامه‌یه. هه‌ر بۆیه به‌م مه‌قامه‌ی سه‌ید ده‌ڵێن: قه‌تاری سنه».10
هه‌روه‌ها نووسه‌ر له شوێنێکی دیکه‌ی کتێبه‌که‌دا، ئاماژه به
بیروبۆچوونێکی شیاوی سه‌رنج ده‌کا و ده‌نووسێ «مه‌قامی به‌یاتی تورک
یه‌کێکه له پاشکۆکانی ده‌سگای شوور و وه‌ک مۆسیقاناسی گه‌وره‌ی ئێرانی
عه‌لینه‌قی وه‌زیری له باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: به‌یاتی تورک، مه‌قامێکی
بازاڕییه و گامه‌کانی به گامی به‌یاتی کورد نزیکه و بزووتنه‌وه و
ئاڵوگۆڕی که‌م تێدایه، بۆیه ئه‌گه‌ر مۆسیقاژه‌ن، یان گۆرانیبێژی ئه‌م
مه‌قامه، زۆر به‌هره‌دار نه‌بێ و ئاڵوگۆڕ له ده‌نگیدا نه‌سازێنێ، تا
ئاوازه‌که‌ی له‌و یه‌ک نه‌فه‌سییه ده‌ربهێنێ؛ سه‌رکه‌وتوو نابێ».11
گروپێکی
ژاپۆنیی سه‌ر به زانستگای میللی و هۆنه‌ره جوانه‌کانی تۆکیۆ که له
ساڵی 1975ه‌وه بۆ لێکۆڵینه‌وه له سه‌ر مۆسیقای کوردی هاتبوونه
کوردستان، پێیانوایه: «ده سیستیمی مۆسیقای ڕه‌سه‌نیی ئێرانی‌دا،
گۆشه‌یه‌ک هه‌یه که له ده‌ستگای شووردا به به‌یاتی کورد ناسراوه، که
سه‌رچاوه‌ی کوردیی ئه‌م بڕگه‌یه ده‌رده‌خا».12 (وێنه‌ی1)
کاک «هیوا
قاره‌مانی» له کتێبی (یادی به‌خێر) که تێیدا زۆربه‌ی ئاواز و
گۆرانییه‌کانی «محه‌مه‌دی ماملێ»ی به شێعر و ئاهه‌نگ و مه‌قامه‌کانه‌وه
ده‌ستنیشانکردووه، «قه‌تار»ی به گۆشه(نه‌غمه)ی به‌یاتی تورک له
ده‌سگای شووردا تۆمار کردووه.13
کاک «به‌همه‌نی حاجی ئه‌مینی» کارناسی
مۆسیقا له زانکۆی هونه‌ره جوانه‌کانی زانستگای تاران و دانه‌ری کتێبی
(موسیقی کردهای هورامان|مۆسیقای کورده‌کانی هه‌ورامان ــ 1379)، سه‌باره‌ت
به ئاوازی قه‌تار نووسیویه و ده‌ڵێ:
«قه‌تار ئاوازێکه که ئاهه‌نگ و
نێوه‌رۆکی ده‌قه‌که‌ی ده‌به‌رگری هه‌ستێکی هه‌ڵقوڵاو له خۆشه‌ویستی و
ئاره‌زوومه‌ندی یه. له باری وشه‌وه «قه‌تار» له زمانی کوردی‌دا به
مانای «ڕه‌ده|ڕێچکه» و «کاروانی ئه‌سپ و ئێستر»دێ. پێوه‌ندی وی ده‌گه‌ڵ
ئاواز به دروستی ڕوون نییه. عینوانی قه‌تار له مۆسیقای سوننه‌تیی
ئێرانیشدا له ئاراداهه‌یه. له ڕه‌دیفسازی ئێرانی به ڕیوایه‌تی
نوورعه‌لی برومه‌ند (دورینگ1370) قه‌تار به عینوانی گۆشه‌یه‌ک له ئاوازی
به‌یاتی کورد ئاسته‌کراوه. ئه‌و بابه‌ته که گۆشه‌ی قه‌تار له مۆسیقای
سوننه‌تیی ئێران تا چ ڕاده‌یه‌ک ده‌گه‌ڵ قه‌تار له مۆسیقای کوردستان
وێچوویی هه‌یه شیاوی شیکردنه‌وه‌یه. قه‌تاریش وه‌ک لاوک و حه‌یران
خاوه‌نی میتر(وه‌زن|کێش)ی ئازاده. ئه‌و ئاوازانه خۆئاسایی له میوانداری
و مه‌جلیسه‌کاندا ئیجرا ده‌کرێن».14 کاک به‌همه‌ن، له درێژه‌ی
باسه‌که‌یدا به‌م ئاکامه ده‌کا و ده‌ڵێ: «ڕابیته و پێوه‌ندیی مۆسیقای
سوننه‌تیی ئێران ده‌گه‌ڵ مۆسیقای کوردستان له پله‌ی یه‌که‌مدا له نێوان
ئاوازی قه‌تار و گۆشه‌ی قه‌تار له ڕه‌دیفی مۆسیقای سوننه‌تیی ئێران‌دا
ده‌بیندرێ. عینوانی قه‌تار و تێکه‌ڵاوییه‌که‌ی به ئاوازی به‌یاتی کورد
له ڕه‌دیفدا به ڕیوایه‌تی نوورعه‌لی برومه‌ند، بواری ئه‌وه‌ده‌دا که
بکرێ ڕیشه‌ی گۆشه‌ی "قه‌تار" له ڕه‌دیفی مۆسیقای سوننه‌تیی ئێران ده ناو
مۆسیقای کوردستاندا بدۆزرێته‌وه. ئاستی وێچوویی گۆشه‌ی قه‌تار و ئاوازی
قه‌تار (نۆتنووسی4: وێنه‌ی2) له درێژه‌کێشان و نێوه‌رۆکی ده‌نگه‌کانیشدا
ده‌بیندرێ. به‌ڵام درێژه‌کێشانی ده‌نگه یه‌کسانه‌کانیان به مانای
تایبه‌تمه‌ندییه مێلۆدییه‌کان نییه».15
به‌هه‌رحاڵ، ئه‌وه‌یکه
«قه‌تار» له ڕوانگه‌ی مۆسیقاناسییه‌وه چ پێگه و جێگه‌یه‌کی له ناو
ده‌سگا و مه‌قامگه‌لی مۆسیقادا هه‌یه بۆ پسپۆڕ و شاره‌زایانی ئه‌و
بواره‌ی هه‌ڵده‌گرین و، سه‌رنجی خوێنه‌ره‌وان بۆ لای وشه‌ی «قه‌تار» وه‌ک
زاراوه‌یه‌کی گشتی و پێوه‌ندی ئه‌و زاراوه‌یه ده‌گه‌ڵ ئاوازه‌کانی
«محه‌مه‌دی ماملێ» ڕاده‌کێشین.
له پاڵه‌وه ئه‌وه‌ش بڵێم که مه‌به‌ست
له ئاواز ته‌واوی ئه‌و ئاهه‌نگ و مێلۆدی یان ئه‌و چڕین و گوتنانه‌ن که
ناکرێ ده چارچێوه‌ی گۆرانی، ستران، سرود، قام، ورده‌قام، به‌سته و سرود
دا بیانگونجێنین، ئه‌گه‌رچی له کورده‌واریدا «گۆرانی» به شێوه‌یه‌کی باو
و گشتی، بۆ هه‌موو جۆره‌کانی چڕین ده‌کار ده‌کرێ. به واتایه‌کی تر، له
ڕوانگه‌ی مۆسیقاییه‌وه جیاوازیی هه‌ر چه‌شنه چڕینێک پێوه‌ندی به
ئاهه‌نگ، ڕیتم، مێلۆدی، هه‌نگاو و پله و شه‌پۆلی ده‌نگه‌وه هه‌یه، که
ئه‌گه‌ر له گۆرانیدا به‌تایبه‌ت ڕیتم و ئاڵوگۆڕی ده‌نگ ده‌ورده‌گێڕن؛ له
ئاوازدا شێوه‌ی چڕین (قوڕگ و له‌ره و چریکه‌ی ده‌نگ) و هه‌روه‌ها
هه‌ڵکشان و وه‌ستان و داکشانێ ده‌نگ یان چوونه‌سه‌ر و له‌نگه‌رگرتن و
هاتنه‌وه‌خوار زۆر گرینگن.
که‌وابوو، وه‌ک چۆن بۆنموونه
ئاواز(مه‌قام)ی «ئه‌ڵڵاوه‌یسی» له گه‌رمێن، «هۆره» له هه‌ورامان،
«لاوک» له بۆتان و بادینان، «حه‌یران» له ده‌شتی هه‌ولێر باوه، وابزانم
جێگه‌ی هیچ لۆمه و ڕه‌خنه‌یه‌ک نامێنێته‌وه ئه‌گه‌ر بڵێم له موکریانیش
له‌بری ئاوازی فارسی زاراوه‌ی «قه‌تار» ده‌کارهاتووه.
گومان له‌وه‌دا
نییه که وشه‌ی «قه‌تار»، واژه‌یه‌کی عه‌ڕه‌بی یه و به مانای «کاروان»
یان «ڕه‌یزبه‌ستنی وشتر و ئه‌سپ و ئێستر به دوای یه‌کدا» هاتووه، به‌ڵام
ئه‌وه‌یکه چۆن و چ وه‌خت ئه‌و بوواڵه‌ت و نێوه‌رۆکه مۆسیقاییه‌ی به
خۆه‌وه‌گرتووه و هاتووه‌ته ناو فه‌رهه‌نگی کورده‌وارییه‌وه ڕوون نییه.
ئه‌وه‌ش که به گوێره‌ی قسه‌ی مامۆستا جه‌میل ڕۆژبه‌یانی ده‌گوترێ
وشه‌ی«قه‌تار»، ڕه‌نگه له واژه‌ی«گاتا»وه هاتبێ، جێگه‌ی
لێکۆڵینه‌وه‌یه و ناکرێ له‌وباره‌وه بڕیارێکی به په‌له و
یه‌کلاکه‌ره‌وه بدرێ.
به پێی ئه‌و گریمانه‌یه‌ش، که ئاهه‌نگ و
مێلۆدیی«قه‌تار» ڕه‌نگه له جۆر و شێوه‌ی ده‌نگ و جووڵه و ڕه‌وتی
کاروانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێ، زۆر جێگه‌ی متمانه نییه. چونکه ئه‌گه‌ر
سه‌رنج بده‌ین و بۆ نموونه هه‌وا و مێلۆدی «له کانی ئاسکان» یان «لاوه
هه‌ی لاوه»ی ماملێ له‌به‌رچاوبگرین و ده‌گه‌ڵ ده‌نگ و ڕه‌وتی کاروان
به‌راوردی بکه‌ین، ده‌بینین هیچ چه‌شنه هارمۆنی و هاوئاهه‌نگییه‌کی
ئه‌وتۆ نابیندرێ. وه‌ک ئاشکرایه ئه‌و هارمۆنییه‌ی که له نێوان
کاروکرگاری ڕۆژانه(شێوه‌ی جووڵه و ڕۆیشتن و هه‌ڵبه‌زدابه‌ز)ی خه‌ڵک
له‌لایه‌ک و، ئاهه‌نگ و گۆرانییه فۆلکلۆرییه‌کان له لایه‌کی تره‌وه
هه‌یه ــ بۆ نموونه: «ئه‌رێ هۆی خاڵی ڕێبوار» له کاتی جووتکردن و،
«ئامین و ئامین به تۆ ده‌ڵێن کاڵێ..) له کاتی ده‌سکه‌نه و
هه‌ره‌وه‌زدا.. به‌رچاوناکه‌وێ.
دیاره له‌وانه‌یه، له
زۆرگوتنه‌وه‌ی شێعری «قه‌تارێک هاتووه گه‌وهه‌ر بارێتی» یان «قه‌تارێک
بێنن خه‌مانم بار که‌ن» به‌م ئاهه‌نگ و مێلۆدییه‌ی که هه‌یه‌تی، زاراوه‌ی
«قه‌تار» که‌وتبێته سه‌ر زارانه‌وه، به‌ڵام سه‌لماندنی ئه‌وه که
چڕێنه‌ری ئاواز خۆی ڕه‌شمه یان هه‌وساربه‌ده‌ستی کاروان(قه‌تار) بووبێ،
له واقیعیه‌ت به دووره.
شیاوی گوتنه که دیارده‌ی هونه‌ریی مۆسیقای
کوردی(چ هونه‌ری ساز و چ هونه‌ری ئاواز) یش وه‌ک هه‌ر دیارده‌یه‌کی دیکه‌ی
ئه‌ده‌بی و کولتووری، چونکه به شێوه‌ی زاره‌کی و گه‌نجیینه‌ی نه‌نووسراو
بووه و نه‌توانراوه بێته سه‌ر کاغه‌ز و تۆمار بکرێ، به‌شێکی زۆری یان
فه‌وتاوه و یان به مڵکی نه‌ته‌وه خاوه‌نده‌وڵه‌ته‌کانی دراوسێ له
قه‌ڵه‌م دراوه. بۆنموونه ئه‌گه‌ر سووکه ئاماژه‌یه‌کیش له‌مه‌ڕ مۆسیقای
کوردی لێره‌وله‌وێ کرابێ، وه‌ک ئه‌وه‌یکه «فورسه‌تودده‌وله‌ی شیرازی به
دوو عینوانی قه‌تاری کورد و قه‌تاری تورک ئاماژه کردووه»16؛ ئه‌وا له
سه‌رده‌می په‌هله‌وییه‌کان(به‌تایبه‌ت ڕه‌زاخان 1925ـ1941)، نێوهێنانی
کورد له‌وباره‌یه‌وه هه‌ر به‌جارێک قه‌ده‌غه بووه. له ناوچه‌کانی
دیکه‌ی کوردستانیش که عه‌ڕه‌به‌کان و تورکه‌کان خاوه‌نده‌سه‌ڵات بوون،
وێناچێ وه‌زع له‌وه باشتر بووبێ.
هه‌رچۆنییه‌ک بێ، به بۆچوونی خۆم،
«قه‌تار» ته‌واو دیارده‌یه‌کی مۆسیقای ئاوازیی شاره‌یی یه. له‌وانه‌یه
له زۆر کۆنه‌وه هه‌بووبێ و له سۆنگه‌ی گه‌لێک هۆکاری کۆمه‌ڵایه‌تی و
فه‌رهه‌نگی و مه‌زهه‌بییه‌وه فه‌وتابێ، که‌چی دواتر له سه‌رده‌می
گواستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی لادێیی به‌ره‌و سنووری کۆمه‌ڵگه‌ی شاره‌یی
سه‌رله‌نوێ بووژابێته‌وه. به واتایه‌کی تر، ده‌توانم بڵێم که
نوێبوونه‌وه و شکڵگرتنه‌وه‌ی «قه‌تار» که ڕه‌نگده‌ره‌وه‌ی نیازی
کۆمه‌ڵایه‌تی و زه‌وقی هونه‌ری و خۆشه‌ویستی ئینسانی و عیرفانیی
سه‌رده‌مێکی دیاریکراوه، پێوه‌ندییه‌کی ته‌واوی به چین و توێژی
مامناونجی یان ورده‌بۆرژوازی تازه سه‌رهه‌ڵداوی شاره‌وه هه‌بووه.
ئه‌گه‌ر گۆرانییه فۆلکلۆرییه‌کان به‌رهه‌می کار و چالاکی خه‌ڵکێکی
مه‌ڕدار و کۆچه‌ر و وه‌رزێر بوون، که زۆرجار ناچارکراون شوێنی ژیانیان
بگۆڕن؛ ئه‌وا «قه‌تار» به‌رهه‌می زه‌وق و ئه‌وینی خه‌ڵکێکی کاسبکار و
کاربه‌ده‌ست و سه‌نعه‌تکاره که له شوێنێکی ناوه‌ندیکراو به نێو‌ی شار
دامه‌زراون.
وابزانم له خۆڕانییه، که هونه‌رمه‌ندی گه‌وره
«حه‌سه‌ن زیره‌ک» وێڕای ته‌واوی ئه‌و خیبڕه‌یی و شاره‌زاییه‌ی که له
هونه‌ری ئاواز و گۆرانیی کوردی‌دا هه‌یبووه و، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا
هاوته‌مه‌ن و هاوچاخی «ماملێ» بووه، ئاوازی «قه‌تار»ی نه‌چڕیوه. ڕاسته
که «زیره‌ک» به پێی ئه‌و ده‌رفه‌ته هونه‌ره‌ییه‌ی که له ئیزگه‌کانی
ڕادیۆی به‌شی کوردیی به‌غدا و تاران و کرماشان.. بۆی هه‌ڵکه‌وت و، توانی
چوارچێوه‌ی هونه‌ری فۆلکلۆریی به‌ره‌و سنووری هونه‌ری شاره‌یی که له
ئاوازگه‌لی وه‌ک«کرماشان شاری شیرینم»، «له‌و سه‌ره ده‌نگی سازدێ» و..
ده‌بندرێن تێپه‌ڕێنی؛ به‌ڵام ئه‌گه‌ر له دیارده‌ی قوڕگ و له‌رینه‌وه و
شه‌پۆلی ده‌نگ که ماملێ به تێکڕایی«ڕاستکۆک» بووه و زیره‌ک «چه‌پکۆک»،
چاوبپۆشین؛ ناتوانین ته‌ئسیری دوو ماکه‌ی گوندنشینی و شارنشینی وه‌ک
پێگه‌ی نه‌شونما و پێگه‌یشتنی هونه‌ریی بخه‌ینه‌لاوه، که یه‌که‌میان
کانگه‌ی ئاهه‌نگه فۆلکلۆرییه‌کان بووه و دووهه‌میان سه‌رچاوه‌ی ئاوازه
شاره‌ییه‌کان.
که‌وابوو تا ئه‌و کاته‌ی زانیارییه‌کی سه‌لماو و پشت پێ
به‌ستراو نه‌یه‌ته ئاراوه، ئه‌من هه‌روا له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه ده‌مێنم
که «قه‌تار» پێوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆی به هونه‌ری خه‌ڵکی ئاقارگرتووی
شار و به‌تایبه‌ت بنه‌ماڵه‌ی «ماملێ»وه هه‌بووه، که له مام سه‌عید و
میرزا حوسێنه‌وه ده‌ستی پێکردووه و له سه‌ر ده‌ستی «محه‌مه‌دی ماملێ»
به لووتکه گه‌یشتووه. هه‌ڵبه‌ت هیچ به دووریشی نازانم که سه‌ردانی
هونه‌رمه‌ندی مه‌زن «سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری کوردستانی» بۆ ناوچه‌ی
موکریان، له‌وانه‌یه بێ ته‌ئسیر نه‌بووبێ.17
لێکدانه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کان
به‌رهه‌مه‌کانی «ماملێ» له سێ به‌شی سه‌ره‌کی پێکهاتون:1- به‌یت(گوڵێ، شیرن به‌هاره و..)، 2-گۆرانی(قام، به‌سته) و، 3- قه‌تار.
1-
ده پێوه‌ندی ده‌گه‌ڵ ئه‌و به‌شه‌دا، ته‌نیا ئه‌وه‌نده ده‌گوترێ که
«ماملێ» هه‌رچه‌ند به شێوه‌یه‌کی زۆر جوان له چڕین و گوتنه‌وه‌ی ئه‌و
شێوه‌یه‌دا سه‌رکه‌وتوو بووه، به‌ڵام له‌و بواره‌دا زۆر به‌رهه‌می
ئاسته(تۆمار)کراوی له پاش به جێ نه‌ماوه.
2- سه‌رجه‌می گۆرانییه‌کانی «ماملێ»، ده‌کرێ به شێوه‌ی خواره‌وه دابه‌شکرێن:
ئا)
گۆرانییه فۆلکلۆرییه‌کان: ئه‌و گۆرانییانه ته‌واو به مڵک و گه‌نجینه‌ی
هونه‌ری کورده‌واری داده‌ندرێن که «ماملێ» زۆربه‌یانی به شێوازی خۆی
گوتووه‌ته‌وه. شیاوی سه‌رنجه که به‌شێکی زۆر له‌و ئاهه‌نگانه
له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانی دیکه‌شه‌وه گوتراونه‌وه، بۆنموونه:
گۆرانیی«مرێم سابڵاغی ــ ماملێ» و «مرێم بۆکانی ــ زیره‌ک»؛ یان گۆرانی
«به‌رهه‌ڵبێنه..» که بێژگه له ماملێ و زیره‌ک، له‌لایه‌ن «خه‌لیلی
سه‌ددیقی» و «مه‌زهه‌ری خاله‌قی»یشه‌وه گوتراونه‌ته‌وه.
بێ)
گۆرانییه هاوبه‌شه‌کان: ئه‌وانه ئه‌م جۆره گۆرانییانه‌ن که هه‌وا و
ڕیتم و مێلۆدییه‌که‌یان له ناو گه‌لانی دراوسێی وه‌ک: فارس، ئازه‌ری و
تورک، هه‌رمه‌نی و عه‌ڕه‌ب و.. هاوبه‌شه و، به دروستی نازاندرێ کێ له
کێی وه‌رگرتووه. دیاره بۆ ئه‌و به‌شه‌ش ده‌بێ بگوترێ که گه‌لانی
دراوسێی وه‌ک فارس و ئازه‌ری و تورک و عه‌ڕه‌ب، یان ئازه‌رییه‌کانی کۆماری
ئازه‌ربایجان که خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت و ده‌سگای ڕه‌سمی(ڕادیۆ و
ته‌له‌ڤیزیۆن) بوون، زووتر له ئێمه توانیویانه به‌شێکی زۆر له‌و
گۆرانییانه به نێو‌ی خۆیان ئاسته و تۆمار بکه‌ن.
پێ) گۆرانییه
خوازراوه‌کان: ئه‌م گۆرانییانه به‌شێکن که له گه‌لانی دراوسێی فارس و
ئازه‌ری و ئیدیکه وه‌رگیراون، بۆ نموونه: گۆرانی «ڕه‌عنا» (فارسی) و
«ئازه‌ربایجان مه‌ڕاڵی»(ئازه‌ری). ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه که
«ماملێ» به‌رگێکی وه‌ها جوان و کوردانه‌ی به به‌ژنی ئه‌و گۆرانییانه
بڕیوه که ناسینه‌وه و هه‌ڵاواردنیان له ماکه ئه‌سڵییه‌که کارێکی
دژواره.
تێ) گۆرانییه داهێنراوه‌کان: له سه‌رجه‌می ئه‌و
گۆرانییانه‌ی که ده کتێبی (یادی به‌خێر)18دا تۆمار کراون و نیزکه‌ی
300تا 320 گۆرانی (بێژگه له قه‌تاره‌کان) ده‌گرنه‌خۆ، به‌شێکی هه‌ره
زۆریان گۆرانی داهێندراو و داندراون، که له مانه‌ش پشکێکی زۆروزه‌وه‌ند
وه‌به‌ر خودی «ماملێ» ده‌که‌وێ و پشکێکی به‌رچاویش که‌سانی وه‌ک
خوالێخوشبووان: «سێمانی شاوه‌له»، «حاجی هاشمی نانه‌وازاده»، «فه‌تاحی
سیڵوێ ــ ئه‌میر عه‌شایری» و «خه‌لیلی سه‌ددیقی» ده‌گرێته‌وه که به
شێعر و ئاهه‌نگ و به‌سته یارمه‌تیان داوه.
3- قه‌تار، له هیچکه‌س
شاراوه نییه، که له ته‌واوی ناوچه‌کانی کوردستان و به‌تایبه‌ت له
موکریان‌دا، ئه‌گه‌ر گریمان ته‌ریقه‌ته مه‌زهه‌بییه‌کان(قادری،
نه‌خشبه‌ندی، ئه‌هلی هه‌ق|کاکه‌یی..)19 چ قازانج و نه‌خشێکی ئه‌وتۆشیان
له به‌ره‌وپێشبردنی کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا نه‌بووبێ، لانیکه‌م ئه‌و
نه‌خشه‌یان به باشی گێڕاوه که له سه‌رده‌مێکی دیاریکراوی مێژوویی‌دا
توانیویانه ڕابردووی هونه‌ری و ئاوازی کوردیی له تاڵان و نه‌مان و
فه‌وتان ڕزگار بکه‌ن و، ته‌نانه‌ت په‌ر‌ه‌شی پێبده‌ن.
یه‌کێک له‌و
مه‌کۆ گرینگانه که ده‌توانرێ وه‌ک کانگای ئاوازه عیرفانییه‌کان یادی لێ
بکرێ، خانه‌قای شه‌مزینانی مه‌هاباد بووه که هه‌م «وه‌فایی» شاعیری
به‌نێوبانگ و هه‌م بنه‌ماڵه‌ی ماملێ(مام سه‌عید) ــ وه‌ک دوو مرید و
هاوکاری هونه‌ریی، سه‌ر به‌م خانه‌قایه بوون. هه‌روه‌ک ده‌زانین، زۆربه‌ی
ئه‌و ئاهه‌نگانه‌ی که له لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی ماملێ و به‌تایبه‌ت
«محه‌مه‌دی ماملێ»وه به شێوه‌ی قه‌تار گوتراونه‌وه، پێشتر یان له‌و
خانه‌قایه‌دا به شێوه‌ی غزه‌لخوێنی وێڕای ئامێری ده‌فه خوێندراون و، یان
له مه‌جلیس و باره‌گای گه‌وره‌پیاوانی شار به که‌مانچه و ته‌پڵ و تار
ئیجراکراون. بۆ نموونه‌ی یه‌که‌م، له شێعره‌کانی وه‌فایی وه‌ک: «گا
ده‌سووتێم، گاده‌گریێم» و «مه‌مکوژه تۆ گردنی خۆت» که‌ڵک وه‌رگیراوه و،
بۆ نموونه‌ی دووهه‌میش ده‌کرێ به ئاوازه داهێنراوه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی
«ماملێ» وه‌ک: «له کانی ئاسکان» و «لاوه هه‌ی لاوه».. ئاماژه‌بکرێ.
به
کورتی، «قه‌تار» به کۆمه‌ڵێک ئاهه‌نگی ڕه‌سه‌ن و مێلۆدی ده‌گمه‌ن
ده‌گوترێ که به پێی نیازی کۆمه‌ڵایه‌تی و زه‌وقی فه‌رهه‌نگی و ئه‌وینی
عیرفانی، له ناخی کورده‌وارییه‌وه هه‌ڵقوڵاون و، وه‌ک گه‌نجینه‌یه‌کی
پڕبایه‌خ به یادگار ماونه‌ته‌وه.
لێره‌دا پێویسته له‌مه‌ڕ چڕینی
ئاواز(قه‌تار)، چه‌ند تایبه‌تمه‌ندیی پێوه‌ندیدار ده‌ستنیشان بکرێ که
ده شێوازی هونه‌ریی «ماملێ»دا به‌وپه‌ڕی شاره‌زایی و لێهاتوویی
له‌به‌رچاوگیراون. ئه‌گه‌ر له ده‌نگی خۆش و به سۆز که هونه‌رێکی زاتیی
و زگماکی یه چاوبپۆشین، ده‌بێ ئاماژه به «شێوه‌ی چڕین» یان «چریکه‌ی
ده‌نگ» بکرێ که له ناو فارسه‌کاندا به «ته‌حریر» ته‌عبیرکراوه. گرینگ
ئه‌وه‌یه که له کاتی چڕین و چریکاندندا ئه‌شێ گونجاوییه‌کی ڕێکوپێک له
نێوان مه‌ودای هه‌ڵکشان و وه‌ستان و داکشانی ده‌نگ له‌لایه‌ک و،
له‌رینه‌وه‌ی تاره‌کانی گه‌روو(قوڕگ) له‌لایه‌کی تره‌وه به‌دیبێ، که
وشه‌کان یان ده‌قی ئاوازه‌کان وه‌ک گوڵی پشکووتوو گوێی بیسه‌ر
بلاوێننه‌وه.
هه‌ڵکشان یان چوونه‌سه‌ری ده‌نگ که فارسه‌کان(ئه‌وج)ی
پێده‌ڵێن ئه‌و کاته‌یه که ئاوازبێژ وه‌ک چریکه‌ی بولبول تێی ده‌چرێکێنێ
و ده‌نگ هه‌ڵدێنێ؛ وه‌ستان(ئیست) کاتێکه که ئاوازبێژ له مه‌ودای نێوان
هه‌نگاوی ده‌نگه‌کاندا له‌نگه‌ر ده‌گرێ، واته له نێوان گه‌ڕوو و
مه‌ڵاشوو و زماندا سووکه وچانێک له شێوه‌ی ده‌ربڕینی ده‌نگ پێکدێنێ؛
داکشانی ده‌نگ یان هاتنه‌وه‌خوار که فارسه‌کان به (فرود)یان
ته‌عبیرکردووه، ئه‌و کاته‌یه که ئاوازبێژ به شێوه‌یه‌کی گونجاو و
ئارام ئاخرین وشه یان پاشده‌نگی چریکه‌ی ئاوازه‌که‌ی ده گه‌روویدا وه‌ها
قه‌تیس بکاته‌وه که هیچ چه‌شنه نیخه و مینگه و پڵته‌یه‌ک هه‌ست
پێنه‌کرێ.
ده پێوه‌ندی ده‌گه‌ڵ ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه شازانه‌ی
سه‌ره‌وه، هیوادارم مۆسیقازان و مۆسیقاناسه خۆماڵییه‌کان له
داهاتوویه‌کی نزیکدا بتوانن ته‌واوی قه‌تاره‌کانی «ماملێ» وێڕای نۆتنووسی
شیبکه‌نه‌وه و بایه‌خی شیاوی خۆی پێبده‌ن.
به کورتی، ئه‌وانه‌ی
«ماملێ»یان له کاتی چڕینی قه‌تاردا له نزیکه‌وه نه‌دیتبێ، ڕه‌نگه
هه‌ستپێکردنی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی سه‌ره‌وه‌یان به لاوه گران بێ،
به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بزانین که «ماملێ» چه‌نده مامۆستا و شاره‌زا بووه،
با بێین ته‌نیا گوێ «له کانی ئاسکان» ڕابگرین و یادیشی له دڵدا زیندوو.