- له دیمانه‌یه‌کی (ئاسۆ)دا، نازێ عه‌زیزی تیشک ده‌خاته سه‌ر کاره هونه‌رییه‌کان و ڕایده‌گه‌یه‌نێت که: "جیابوونه‌وه‌م له کولتووری کوردی ئه‌سته‌مه و ته‌واوی کاره هونه‌رییه‌کانیشم باس له ژیانی خۆم ده‌که‌ن، به خۆشی و ناخۆشییه‌کانه‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌و شیعرانه‌ی هه‌ڵیانده‌بژێرم په‌یوه‌ندی به خۆمه‌وه هه‌یه و ئه‌و ستایلانه‌ی له گۆرانییه‌کانیشمدا هه‌ڵیانده‌بژێرم ئاره‌زووی خۆمن".
له‌باره‌ی ستایلی مۆدێرن و هه‌ڵبژاردنیان له‌لایه‌ن کچه
هونه‌رمه‌نده‌کانه‌وه، نازێ ڕوونیکرده‌وه: "ئێمه فه‌رهه‌نگ و کو‌لتوور و
میوزیک و شیعرمان زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده و میلله‌تێکین له ئه‌وروپا و
ئه‌مه‌ریکا کۆنترین و ده‌توانین له‌م کولتووره دێرینه‌مان شتی نوێ
ده‌ربێنین. له‌لایه‌ن خۆمه‌وه، هه‌ردوو جۆره ستایله‌که‌م له کاره
هونه‌رییه‌کانمدا به‌کارهێناوه، به‌ڵام ستایلی من کولتووری کوردییه،
هه‌رچه‌نده ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی ستایلی نوێ هه‌ڵده‌بژێرن ده‌یانه‌وێت
کاری مۆدێرن بکه‌ن، به‌ڵام هه‌ر هونه‌رمه‌ندێک ئه‌گه‌ر ستایل و کولتووری
خۆی له‌بیربکات، ئه‌وا ناتوانێت سه‌رکه‌وتووبێت له کو‌لتوور و فه‌رهه‌نگی
بێگانه‌دا".
له‌باره‌ی کۆبوونه‌وه‌ی چه‌ند هونه‌رمه‌ندێک له‌ده‌وری هه‌ڵکه‌وت
زاهیره‌وه، نازێ وتی: "ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی له‌ده‌وری هه‌ڵکه‌وت زاهیر
کۆبوونه‌ته‌وه، به‌گوێره‌ی توانای خۆی هاوکارییان ده‌کات".
له‌باره‌ی خۆشه‌ویستییه‌وه، نازێ وتی: "هه‌ر که‌سێک له ژیاندا
خۆشه‌ویستی نه‌کات نه‌خۆشه. ئه‌و خۆشه‌ویستییانه‌ش بۆ خودا و بۆ ڕه‌گه‌زی
به‌رامبه‌ر و خۆشه‌ویستیی خه‌ڵک و دایک و نیشتمان. حه‌ز له‌و جۆره
کوڕانه ده‌که‌م که خۆشه‌ویستییه‌کی ڕاسته‌قینه بکات و ڕاستگۆبێت. تا
ئێستا داوای ماچیان لێ نه‌کردووم، به‌ڵام پێموایه داواکردنی ماچ مانای
خۆشه‌ویستییه‌کی بێگه‌رده له‌به‌رامبه‌ر ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌رته‌وه،
چونکه مرۆڤ ناتوانێت هه‌موو که‌سێک ماچ بکات گه‌ر ئه‌و که‌سه‌ی
خۆشنه‌وێت".
نازێ عه‌زیزی له دایکبووی کوردستانی ئێرانه و له خانه‌واده‌یه‌کی
سیاسیی له دایکبووه، تا ئێستا سێ به‌رهه‌می جۆراوجۆری هه‌یه که
هه‌ریه‌که‌یان چه‌ند گۆرانییه‌ک له‌خۆده‌گرێت.