دایک هەمیشە پێوەندییەکی نزیکی لەگەڵ کچەکەی (یا کچەکانیدا) هەیە و جگە لە
پێوەندیی دایکایەتی، زۆر گرنگە کە پێوەندییەکی هاوڕێیهتیشی لەگەڵدا هەبێ.
زانایانی دەروونناسی و کۆمەڵناسی بەچاوی پڕ بایەخەوە تەماشای ئەم
پێوەندییە دەکەن و رێنمایی دایکان دەکەن کە ئەم لایەنەی پێوەندی خۆیان بە
هەند وەربگرن و بزانن کە تێگەیشتن لە خۆشی و ناخۆشی کچەکانیان و نزیکی و
دووریان لە کچەکانیان لە راددەی توند و تۆڵی پێوەندییەکانیانەوە سەرچاوە
دەگرێ. بێگومان سرووشتی بوونی ئەم پێوەندییە، دواجار خێزانێکی ئارام و پڕ
لە تەباییمان پێدەبەخشێت، کۆمەڵەگەش لێی سوودمەند دەبێ. لەم راپۆرتەدا
هەوڵدەدەین ئەم لایەنە بەپێی دەفەت بەسەر بکەینەوە
.
(باخچە حمە رەشید)ی فەرمانبەر لە وەزارەتی دارایی پێیوایە کە: دروستبوونی
پێوەندی نێوان دایک و کچ دەگەڕێتەوە بۆ توانا و لێهاتوویی دایکەکە خۆی،
ئەوە دایکە دەبێت بزانێت ئەو رێگهیانە چین کە دەبنە هۆکار بۆ نزیکبوونەوە
لەکچەکەی، تەنیا ئەرکی دایک جل کڕین و خواردن دروستکردن نییە بۆ خێزانەکەی
بەتایبەت کچەکانی، بێئەوەی بەشێوەیەکی بەردەوام و رۆژانە لەگەڵیاندا بەکۆ
یاخود بەتەنیا لەگەڵیاندا دابنیشێت و گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات، ئەرکی دایک
بەخشینی پەروەردە و زانیاریشە.
لەبەرامبەر بۆچوونەکانی (باخچە)دا، (رۆژان ئاوات) کە قوتابی زانکۆی
سلێمانی، کۆلێژی زاستە مرۆڤایەتییەکان بەشی کۆمەڵناسیە، پێیوایە: هەرچەندە
دایک هەوڵبدات لە کچەکەی بێتە پێشەوە و قسەی لەگەڵدا بکات خۆی بکاتە
هاوڕێ، بەڵام ئەگەر لەسەرەتاوە لەخێزاندا وا پەروەردە نەکرابێت ناتوانێت
کە گەورە بوو هەموو شتێک لای دایکی باس بکات، چونکە ئێمەی کچان جۆرێک
لەشەرم و ترسمان هەیە، ئەمەش وامان لێدەکات لای هاوڕێکانمان باسی گرفت و
هەست و سۆز و شتە تایبەتییەکانی خۆمان بکەین نەک لای دایکمان، ئەگەرچی
دەزانین ئەوانیش وەک ئێمە هیچ زانیارییەکی وەهایان پێ نییە، کە بتوانێ
یارمەتیمان بدەن. بەڵام لەبەرامبەردا هەندێک وای بۆ دەچن کە پێوەندی باوک
و کوڕ زۆرجار لە پلەیەکی باشتر و بەرزتر دەبیندرێت لەپێوەندی دایک و کچ،
(فەرەیدوون کەمال) وەک گەنجێک کە کاری ئازاد دەکات لەمبارەیەوە لەمەڕ ئەم
لایەنەی باسەکەمان بۆچوونی خۆی بەم شێوەیە دەردەبڕێت و دەڵێت:
لەخێزانەکەماندا ئەم حاڵەتە بەدی دەکەم، دەتوانم هەموو شتێک بەباوکم بڵێم
و زۆرجار لەسەر بابەتێک کێشەیەکمان هەبێت زۆر راشکاوانە قسەی لەگەڵدا
دەکەم، یاخود پێداویستییەکم هەبێت پێیدەڵێم، بەڵام دەبینیم خوشکەکانم
هەرچەند رۆژانە لەگەڵ دایکم لەماڵەوە پێکەوەن، بەڵام لە هەندێک بابەتدا بۆ
نموونە مەسەلەی داخوازی و هاوسەرگیری سەرەتا راوێژ بەمن دەکەن ئینجا دواتر
لەگەڵ دایکمدا گفتوگۆ دەکەن، پاش هەموو شتێک لەرێگەی من یان دایکمەوە بە
باوکم دەڵێن. لاموایە دایکم نەیتوانیوە ئەو رایەڵە لەنێوان خۆی و
کچەکانیدا دروستبکات، نەک خوشەکەکانم.
(ئارام جهبار)ی توێژەری کۆمەڵایەتی، لەرووی لێکدانەوەی ئەو حاڵەتە و
فاکتەرەکانی کە لەپشت دروستبوونی ئەو پێوەندیانەوەیە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات
کە: خێزانی کوردی هێشتا ئەو قۆناغانەی تێنەپەڕاندووە، کە دایک و کچ بتوانن
بەیەکەوه باس لەهەموو شتێک بکەن، پێموایە. نەوەی نوێ زیاتر بوێری تێدایە
لەگەڵ دایکیدا قسە بکات لەچاو نەوەی پێشتر، کە زۆرجار هەوڵدەدات لێیان
نزیک بێتەوە و باسی گرفتەکانی خۆی بکات. بێگومان لەئێستادا گرفتی دەروونی
و کێشەکانی تاک زۆر بووە، کچێک لەتەمەنی هەرزەکاری یاخود لەسەرووتر بێت
هەست بەوە دەکات کە تاکە کەسێک کە باشتر لێی تێبگات دایکیەتی نەک
هاوڕێکانی، چونکە دەبینین هاوڕێیەتی ئێستا لەئاستی پێویستدا نییە. بەڵام
ئەوەی کە زۆر گرنگە ئەوەیە ئەم دایکە خۆی چەندە رۆشنبیر و خوێندەوارە،
چەندە خاوەن ئەزموون و شارەزاییە لە ژیان و بەم تاقیکردنەوانەدا رەتبووە
کە کچەکەی پێیدا رەت دەبێت، چەندە دەتوانێ لە شتە تایبەتییەکانی کچەکەی
بگات و دەتوانێ هاوکار و هاوڕازی بێت و دەبێتە هۆکارێک بۆ چارەسەرکردنی
کێشەکەی، یا روونکردنەوەی پرسیارەکانی. چونکە لە کۆتاییدا دایک دواتر هەم
یەکێکە لە نزیکترین کەسەکانی خۆی و هەر ئەویش تاکەکەسێکە کە جێگەی بڕوای
ئەو بێت، هەمیش وەک هاورەگەز باشتر دەتوانێت لە کچەکەی بگات..
دوو خوشک لەماڵەوە زیاتر قسە بۆ یەک دەکەن تا لەگەڵ دایکیاندا، ئەگەر
چارەسەری کێشەیەکیان بۆ نەکرێت ئینجا وەک دوا رێگە پەنا بۆ دایک دەبن.
ئەمە بۆچوونی (شیلان رهسول)ی مامۆستایە، هەروەک ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە:
ئاستی رۆشنبیری خێزان هۆکاری سەرەکییە بۆئەوەی بتوانرێت هەموو خێزانەکە
ئەو سنوورە ببڕن لەگفتوگۆ و راوێژدا. وەک مامۆستایەک بەو شێوەیە بەرنامەم
داڕشت هەرکاتێک کچەکانم پرسیاریان لێکردم وەڵامیان بدەمەوە، نەک خۆم
پرسیاریان لێبکەم، بەڵام کاتێک لە قوتابخانە ببینم قوتابیەکانم دێن بۆلام
و پرسیاریان دەکرد، ئەوکاتە زانیم دەبێت کچەکانی خۆشم پرسیار لەکێ بکەن و
چۆن وەڵام بدرێنەوە، بۆیە ئەمەم تاقیکردەوە و سەرکەوتوو بووم، ئێستا
لەنزیکەوە ئاگاداری کچەکانم و دەزانم لەکوێدا پرسیاریان لە لادروست دەبێت.
لەکۆتاییدا ئەوە بڵێین پێوەندی دایک و کچ لە پێوەندی باوک و کوڕ
جیاوازترە، چونکە بەپێی سروشتی فسیۆلۆژی رەگەزی مێ ئەو گۆڕانکاریانەی
بەسەر کچدا دێت پێویستی بەوە هەیە لەکاتێکی زووتردا زانیاریان لەسەر
وەربگرێت، ئەگەر ئەم زانیاریانە لەلایهن دایکەوە بە دروستی پێینەدرێت،
هاوڕێکەی کە هاوتەمەنی خۆیەتی چۆن دەتوانێت هاوکاری بکات، تووندوتۆڵی
کاریگەری لەسەر پتەوبوونی سەرجەم پێوەندییه کۆمەڵایەتییەکانی ناو خێزانیش
دهبێت.