
زەهرا محەمەد، یەکێک لەو ئافرەتە عەرەبانەیە کە ماوەی (3) ساڵە ژیانی هاوسەری لەگەڵ (حوسێن)دا پێکهێناوە، کە کوڕە کوردێکی دانیشتووی سۆرانە. ئەو دەڵێت “تابڵێی لەژیانی ئێرەم رازیم و هاوسەرەکەم و خزمەکانی زۆر رێزم دەگرن”، گوتیشی “تەنها کێشەی من، دووری خزمانمە، ئەویش مۆبایل و ئەنتەرنێت چارەسەری ئەو کێشەیان کردووە و رۆژانە ئاگام لێیانە”.
لەچەند ساڵی رابردوو کوڕە گەنجێکی زۆری کورد لەدەڤەری سۆران و رواندوز و
شەقڵاوە، ژیانی هاوسەریان لەگەڵ ئەو کچە عەرەبانە پێکهێناوە، کە لەگەڵ
ماڵەوەیان بەمەبەستی گەشتیاری روویان لەهاوینە هەوارەکانی ئەو ناوچانە
کردووە، زۆربەی خێزانە عەرەبەکانیش بۆ سڤیل خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی
لەهەبوونی هەر داواکارییەکی لەمجۆرە.
مریەم عوسمان، کچێکی تەمەن 22 ساڵەیە و خەڵکی شاری بەغدایە، ئەویش لەگەڵ
خێزانەکەیان بەمەبەستی گەشت هاتبوونە کوردستان و دووشەو لەهاوینەهەواری
بێخاڵ مابوونەوە، مریەم کچێکی شۆخ و شەنگ و بەرچاوبوو، لەبارەی ئەو
پرسیارە کە ئەگەر کوڕێکی کورد داوای پەیوەندی لێبکات، ئەو هەڵوێستی چی
دەبێت؟ سەرەتا بەکەمێک شەرمەوە دواتریش “بەوپەڕی سەراحەتەوە”، گوتی
“پڕبەدڵ حەزدەکەم کە کوڕێکی باش لەکوردستان بدۆزمەوە و ژیانی هاوسەری
لەگەڵ پێکەوە بنێم، چونکە هەم ئاسایش و ئارامی لەکوردستان جێگیرە، هەم
سروشتی کوردستانیش لەگەڵ ناوەڕاست و باشووری عێراق بەراورد ناکرێت، بۆیە
وا هەستدەکەم کە ژیان لەکوردستان چێژێکی زۆری هەیە و حەزدەکەم هەر لێرەش
شووبکەم”.
بەهۆی هەبوونی ئەو ئارامی و ئاسایشەی لەکوردستان هەیە، لەم دوو سێ ساڵەی
رابردوو ژمارەیەکی زۆری گەشتیاری عەرەب لەشارەکانی ناوەڕاست و خوارووی
عێراق، روویان لەهاوینە هەوارەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، کە بەپێی قسەی
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، تەنها ئەمساڵ نزیکەی یەک ملیۆن گەشتیار
روویان لەسەیرانگاکانی دەڤەری سۆران کردووە، کە بەشێکی هەرە زۆری عەرەبی
ناوەڕاست و باشووری عێراق بوونە و ئامادەشن کە کچەکانیان لێرە بەشوو بدەن
و زاوای کورد بدۆزنەوە.
ساڵح عەبود، پیاوێکی بەتەمەنی عەرەبە لەگەڵ خێزان و منداڵەکانی لەهاوینە
هەواری بێخاڵ، لەبن کەپرێک خەریکی کات بەسەربردن بوون، ئەو گوتی “من خەڵکی
شاری بەسرەی باشووری عێراقم، بەمەبەستی سەیران و بەسەربردنی کاتێکی خۆش
لەوەرزی گەرمادا روومان لەو هاوینە هەوارانە کردووە”، وەک ئەوەی ئەو
هاوڵاتییە عەرەبە شارەزایەکی تەواوی لەناوچەکە هەبێت، ناوی زۆربەی
شوێنەکانی دەزانی و ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەو لەساڵەکانی هەشتاوە ماوەی
پێنج ساڵ لەدەوروبەری سنووری سۆران و رواندز سەرباز بووە، بۆیە
خوازیاربووە جارێکی دیکە چاوی بەو شوێنە خۆشانە بکەوێتەوە. ئەوەشی
نەشاردەوە کە ئەگەر کوڕێکی باشی کورد بدۆزێتەوە، ئامادەیە کچەکەی خۆی
پێبدات و بیکات بەزاوای خۆی، ئینجا بەزەردەخەنەوە گوتی “خۆ ئەگەر لێرە
خزماتیەکمان دروست بێت، دەتوانین لەکاتی هاتنمان بۆ ماوەیەکی باش
بمێنینەوە، جگە لەخۆم کچەکانیشم هەموو هیوایەکیان ئەوەیە کە لەو بەشەی
هەرێمی کوردستان، ژیانی هاوسەریان پێکبهێنن”.
ئاری خورشید، گەنجێکی دانیشتووی شاری سۆرانە، ئەمساڵ لەسەرەتای هاتنی
گەشتیاران بۆ سۆران، زەماوەندی لەگەڵ کچێکی عەرەب کردووە، بۆ (سڤیل) گوتی
“هاوسەرەکەم خەڵکی شاری بەغدایە، بەهۆی هاتنیان لەگەڵ ناسیارێکی کورد
لەبەغداوە بۆ ماڵەکەمان، پەیوەندی خۆشەویستیم لەگەڵ کچەکەیان دروستکرد،
دوای ئەوە باوکم خوازبێنی کچەکەی بۆ کردم و باوکی کچەکەش بەخۆشحاڵییەوە
رازیبوو، بێئەوەی داوای ماڵ و زێڕمان لێبکات”، بۆیە وەک ئەو کوڕە کوردە،
دەڵێت “هەمووی هەفتەیەکی نەبرد زەماوەندەکەمان ئەنجامدا، ئێستاش ژیانمان
لەو پەڕی خۆشیدایە”. ئەو کوڕە گەنجەی شارۆچکەی سۆران، گوتیشی “لەگەڵ
هاوسەرەکەم، لەسەرەتاوە کێشەمان تەنها زمان و لێکنەگەیشتن بوو، کەچی
خەریکە وردە وردە ئەو کێشەیەش نامێنێت و هاوسەرەکەم فێری زۆر وشەی کوردی
بووە”.
جگە لەئاری، لەدەڤەری سۆران چەندین کوڕە کورد، لەم دوو ساڵەی رابردوو
ژیانی هاوسەرییان لەگەڵ کچە عەرەبەکان پێکهێناوە و ئێستاش ژیانێکی ئاسایی
دەبەنە سەر، ئەو ئافرەت عەرەبانەی کە شووشیان بەکوردان کردووە، بەوتەی
خۆیان “زۆر لەژیانیان رازین”، تەنها دووری خزمان و ئەو رەوشەی کە
لەشارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق هەیە، ئازاریان دەدات.
عەونی حیسام، گەشتیارێکی دیکەی عەرەبە، کە لەشاری (حلە)وە لەگەڵ خێزانەکەی
هاتوونەتە کوردستان، ئەو لەگەڵ چەند خێزانێکی کورددا لەئاوەکەی جوندیان
خەریکی کەشوهەوای خۆیان بوون. ئەو گەشتیارە عەرەبە، ساڵی رابردوو کچێکی
خۆی داوەتە کوڕە کوردێکی دانیشتوی سنوری قەزای شەقڵاوە، عەونی کە بەدەست
ئاماژەی بەزاوا کوردەکەی دەکرد، گوتی “زۆر خوشحاڵم کە لەگەڵ خێزانێکی
کورددا خزمایەتیمان دروستکردووە، جاران وەک ئێستا کوردمان نەدەناسی،
واماندەزانی تەنها کاریان توندوتیژییە، بەڵام ئێستا تێگەیشتم کە نەتەوەی
کورد نەوەک هەر نەتەوەیەکی توندوتیژ نین، بەڵکو زۆریش ژیان دۆست و پاکن”،
بۆیە وەکو ئەو دەڵێت “چەندین جار بەبراو ئامۆزاکانم گوتووە، هەتا بۆتان
دەکرێت، لەگەڵ کوردان خزمایەتی دروستبکەن”.
بورهان مستەفا، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، لەبارەی هاتنی بەلێشاوی
گەشتیارە عەرەبەکان بەتایبەتی بۆ ئەو دەڤەرەی ئەوان، دەڵێت “نائارامی و
شەڕ و تەقینەوە یەک لەدوا یەکەکانی شاروشارۆچکەکانی باشوور و ناوەڕاستی
عێراق بۆتە کێشەیەک بۆ خەڵکەکەی”، کە بەوتەی ئەو “بەم هۆیەش ژمارەیەکی
زۆری پیاو گیانیان لەدەستداوە و چەندین ژن و کچ لەو ناوچانە بەبێ
سەرپەرشتیار ماونەتەوە، کە وەک دیاریشە ساڵانە ژمارەیەکی زۆری گەشتیاری
عەرەب، روو لەهەرێمی کوردستان دەکەن و زۆریش حەزدەکەن خزمایەتی لەگەڵ
کوردەکان دروستبکەن”.
بەڕێوەبەرەی گەشتوگوزاری سۆران وتیشی “تەنها ئەمساڵ نزیکەی یەک ملیۆن
گەشتیار روویان لەهاوینە هەوارەکانی سۆران کردووە، زۆربەی هەرە زۆریشیان
گەشتیاری عەرەب بوونە”، ئەوەشی گوت کە “ئەو خێزانە عەرەبانە کاتێ دێنە
کوردستان و ئەو کەشوهەوا ئازادە دەبینن، بۆیە هەم کچەکان و هەم
خێزانەکانیشیان خۆشحاڵ دەبن ئەگەر لێرە زاوایەکی کورد بدۆزنەوە، چونکە
لەوانەیە دواتر ببێتە پێگەیەک کە بتوانن هەموو ساڵێک بۆ خۆیان بێن و چەند
رۆژێک لەماڵی کچ و زاوایەکەیان بمێننەوە، وەک دیاریشە لەو چەند ساڵەی
رابردوو چەندین کچە عەرەب لەلایەن کوڕە کوردەکانی ئەو سنوورە ژیانی
هاوسەریان پێکهێناوە و زۆربەشیان ئێستا ژیانێکی ئاسوودە دەبەنەسەر”.
بورهان مستەفا، هۆکارێکی دیکەی باشی کچە عەرەبەکانی بۆ پێکهێنانی ژیانی
هاوسەری لەگەڵ کوڕە کوردەکان دیاریکرد و وتی “کچە عەرەبەکان وەک کچە
کوردەکانی خۆمان داوای زێڕ و ماڵی زۆر ناکەن، ئەوەش دەبێتە هەلێکی گرنگ کە
کوڕەکان بەدوای کچی عەرەب بگەڕێن و حەزبکەن ببنە زاوای عەرەبان”.