"عاشقان ئەگەر تووشی هەر بەڵایەک ببن مادام لە خۆشەویستەکانیان نزیکن، وا هەستدەکەن ئەو بەڵایە هیچ نییە". گوگوشی هونەرمەندی نێوداری فارس، ئەو قسەیەی بۆ 1000 ئامادەبووی ئەو کۆنسێرتە کرد، کە لە رۆژی 12/9/2010 لە شاری هەولێر سازکرا، ئەوەش وەک دڵدانەوەیەک بۆ ئەو کەسانەی نەیانتوانی بەهۆی رێگرییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەشداری کۆنێسرتەکەی بکەن.
گوگوشی تەمەن نیو سەدە لەگەڵ گرووپە مۆسیقییەکەی لە کاژێر 9:30 خولەکی شەو دەستی بەکۆنسێرتەکەی کرد تاوەکو 12ی شەو. گوگوش کە دانیشتووی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە بەوە ناسراوە کە گۆرانی نیشتمانی زۆرە، ناوبراو پێشتر لە ساڵی 1970 لە شاری بەغدا لەگەڵ گۆرانیبێژی بەنێوبانگی عەرەب فەیرووز کۆنسێرتێکی سازکردووە.
گوگوش بەر لەوەی دەست بە گۆرانی گوتن بکات، دڵخۆشی خۆی بۆ ئامادەبووان دەربڕی و گوتی "بەهاتنی ئێوە خۆشحاڵ بووم، ئەم ئێوارەیە دەبێتە شەوێکی پڕ لە گۆرانی بۆخاتری ئێوە، هیوادارم شەوی یادکردنەوەی بەیەکگەیشتنی هەموو خۆشەویستان بێت".
دوای ئەوەی دەستی بە گۆرانی گوتن کرد ، ئامادەبووانیش لەدوای ئەوەوە گۆرانیەکانیان دەگوتەوە، هەر لەوکاتەدا گوگوش گوتی "باش گوێم لەدەنگی ئێوەیە، ئایا ئێوە ئامادەن"، چەند جارێک مایکی بۆ ئامادەبووان راگرت تا ئەوانیش گۆرانی بڵێنەوە. گوگوش لەو کۆنسێرتەدا ئەوەشیگوت "پیاوی عاشق ئەگەر ژیانی هاوسەری پێکنەهێنێ ژیانی ناتەواوە، بەڵام کاتێک ژیانی هاوسەری پێکهێنا هەموو کاری تەواو دەبێت".
کۆنسێرتەکەی گوگوش لە هۆڵی Babylon World سازکرا، کە لە شارۆچکەی عەنکاوەیە و جێگەی زیاتر لە 5 هەزار کەسی تێدا دەبێتەوەو، بەشێوازێکی مۆدێرن دروستکراوەو دوو ستۆدیۆی گەورەی تێدایە، کۆنسێرتەکەی گوگوش یەکەم کۆنسێرت بوو لەوێ بکرێ .
ئەوەی ئەوێ لە هۆڵەکانی دیکەی هەولێر جیا دەکاتەوە چوونە ژوورەوە لە دەرگاکان بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکییە، هەرکەسێک کارتی چوونە ژوورەوەی پێ نەبووایە دەرگای بۆ نەدەبووەوە، ئەوەش لە قەرەپەستانێی کۆنسێرتەکانی رابردووی کەم کردبووەوە. نرخی بلیتەکانیش لە100 تا 300دۆلار بوو.
عەلی مونتەسری، 26ساڵ، لەگەڵ کۆمەڵە هاوڕێیەکی حەوت رۆژبوو لەبەر کۆنسێرتی گوگوش لەتارانەوە هاتبووە کوردستان، ئەو پێشتر هاتبووە کۆنسێرتەکەی لەیلافروهەر و ئیبی، بەڵام ئەوەی گوگوشی پێ خۆشتر بوو چونکە وەک ئەو گوتی " رێکوپێکتربوو و کەس بەخۆڕایی نەهاتبووە ژوورەوە". عەلی بەدەم گوتنەوەی گۆرانیەکان قسەی بۆ(رووداو)دەکرد، گوتی "هیوای ژیانم ئەوە بوو یەکجار گوگوش ببینم، ئەویش هاتەدی".
بەشێکی زۆر لەئامادەبووان لەبەر ترسی حکومەتی ئێران، نەیاندەهێشت وێنەیان بگیرێت، قسەشیان بۆ رۆژنامەنووسان نەدەکرد، بەڵام عەلی بێ منەتانە قسەی دەکرد، گوتی "هەرکوشتنەکەیە با بمکوژن".
گوگوش دوای گوتنی گۆرانییەک بۆ ئێران ، هەوادارانی هێنایە دەنگ و هەموو بەیەک دەنگ هاواریان دەکرد "ئازادی ئازادی"، دوای کەمێک پشوو گوگوش گوتی "کوردم خۆشدەوێ"، بەڵام تەنها یەک وشەی بە کوردی گوت "سوپاس".
فەرامەرز موحسین، 28 ساڵ، بەتەنیا هاتبووە کۆنسێرت، دەربڕینی وشەی "ئازادی" لەلایەن گوگوشەوە بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە خەڵکی ئێران ئازاد نین و ئازادییان دەوێت. ئەو زۆر بەو کۆنسێرتە دلخۆش ببوو"لەژیانمدا یەکەم کۆنسێرتە بە ئازادی تێیدا دەجوڵێمەوە، بۆیە پڕ بە دڵی خۆم گوتم ئازادی، گوگوش ئازادی بۆ هێناین".
هەرچەندە گوگوش هەواداری زۆرن، بەڵام تەنیا 1000 کەس ئامادەی کۆنسێرتەکەی بوون، ئەویش بەهۆی رێگریکردنی ئێران لە هاتنی هاووڵاتیانی بۆ هەرێمی کوردستان، گوگوش رۆژی 15/9/2010 لەتورکیاش کۆنسێرتی هەبوو، بەهەمان شێوە حکومەتی ئێران سنوری نێوان ئێران و تورکیای بەسەر هاووڵاتیانی خۆی داخست.
فەرامەرز هۆکاری کەمی ئامادەبووانی بۆئەوە گەڕاندەوە، حکومەتی ئێران رێگەی نەداوە بێنە کوردستان، چونکە ئەو خۆی 5رۆژ پێش کۆنسێرتەکە هاتبوو گوتی "پیاوانی حکومەتی ئێران لەسنور زۆر گێچەڵیان پێ فرۆشتین، بەهەر شێوەیەک بێت خۆم گەیاندە هەولێر".